لۆدڤیک ڤان بتهۆڤن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-15-21:44:00 - کۆدی بابەت: 2283
لۆدڤیک ڤان بتهۆڤن

ناوه‌ڕۆك

لۆدڤیگ ڤان بتهۆڤن

مەزنترین مۆسیقازان لۆدڤیگ ڤان بتهۆڤن، لە ساڵی ١٧٧٠ز دا لە شاری (بۆن)ی سەر بە ئەڵمانیا لەدایک بووە. بەهرەوەری و زرنگی هەر لە منداڵییەوە لێی دەرکەوتووە، یەکەم کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٣ز، لە تەمەنی لاوێتیدا دیدەنی ڤیەننای کرد و خۆی ناساند بە مۆسیقازانی بلیمەت مۆزارت بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم بوو.
لە ساڵی ١٧٩٢ز دا گەڕایەوە بۆ ڤیەننا و چووە لای مامۆستاکەی کە ناوی (هایدن) بوو، یەکێک بوو لە بەناوبانگترین پێکهێنەری مۆسیقای ئەو سەردەمە لە ڤیەننا (مۆزارت بەر لە ساڵێک کۆچی دوایی کردبوو). ئیتر بەم چەشنە بێتهۆڤن ناچار بوو کە تا دواژیانی لە ڤییەنا بەرێتە سەر، پایتەختی جیهانی مۆسیقایی ئەو سەردەمە.
سۆزی هونەری بێتهۆڤن وەک پیانۆژەنێک کاریکردبووە سەر ئەوانەی لێیان دەبیست، بەرەبەرە بە ژەنەر و مامۆستایەک ناوی دەرکرد تا وای لێهات بووە پێکهێنەرێکی مۆسیقایی فرەبەر. ئەوەندە ناسرا، بە ئاسانی بەرهەمەکانی دەفرۆشرا و بەزوویی بڵاو دەبووەوە.

کاتێ کە تەمەنی گەیشتە ٣٠ ساڵ، نیشانەی کەڕی لێوەدەرکەوت و بە هێواشی زۆری بۆ دەهێنا هەتاوەکو چەند جارێک دەیویست خۆی بکوژێت لە داخا.

ساڵانی ١٨٠٢ تا ١٨١٥ز بە هەڕەتێکی نێوەند دادەنرێت لە ژیانی هونەریی بیتهۆڤندا، لەو ساڵانەیشدا کەڕی زۆری بۆ هێنا و بەرەبەرە خۆی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئەتەکاندەوە. خەڵک بەم کردارە وایان دەزانی نائومێد و تووڕەیە لە ژیان، هەر لەو سەردەمەیشدا پەیوەندییەکی درامی بەست لەگەڵ خاتون گەلێکی ناکۆڵەدا بەڵام هەمووی بە ناخۆشی کۆتایی پێ هات و هەروا بە ڕەبەنی مایەوە.

هەرچەندە کەڕیی زۆری بۆ هێنابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەرهەمە بەپێزەکانی لەوپەڕی ئاستی بەرز و بڵندی هونەریدا بوو. لە کۆتایی چلەکاندا ئیدی بە تەواوی کەڕ بوو و نەیدەتوانی لە ئاهەنگە گشتییەکاندا بەشداری بکات، خۆی دەکێشایەوە لە کۆمەڵ و کارە هونەرییەکانیشی بەرەو کەمیی دەچوون، بەڵام تێگەیشتن و بۆچوونی زۆر خەست و بەپیت بوو، لەبەر ئەوە سەیر نییە گەر بڵێین مۆسیقای بۆ خۆی و نەوەی ئارمانی (ئایدیاڵی) دواڕۆژ دادەنا، هەروەکو لێی دەگێڕنەوە کە گوایە بە ڕەخنەگرێکی وتبوو: (من مۆسیقا بۆ ئێوە لێنادەم بەڵکوو بۆ نەوەکانی دواڕۆژ).

بەرهەمەکانی بتهۆڤن، بریتین لە ٩ سەمفۆنی و ٣٢ سۆناتای پیانۆ، ٥ کۆنشەرتۆی پیانۆ و ١٠ سۆناتای پیانو و کەمان... لەگەڵ چەندین مۆسیقای ژێدەری و مۆسیقای دەنگی و مۆسیقای شانۆگەری و بەرهەمی تر، چۆنیەتی و جۆری مۆسیقاکانی زۆر مەزنترن لە بڕ و چەندیان. ئەو هونەرکارییەی... تێکەڵاوی هۆش و هەست دەبێت لەگەڵ دانان و نەخشآندنیدا.

بێتهۆڤن لەو مۆسیقاکاریانەیدا تەواو گرنگی و بایەخی دەدا بە مۆسیقای ئاواز، کە لەم بوارەدا ئەم چەندە مۆسیقایەی گەیاندبووە بڵندترین پلەی هونەری.

بێتهۆڤن مۆسیقازانێکی خاوەن نەریت بووە. ئەو فرەگۆڕانکارییانەی کاریگەرییەکی هەمیشەیی هەبووە بۆ سەر تیپە مۆسیقاییەکان و زۆربوونی مۆسیقاژەنەکان تیایدا.

هەروەها درێژەی دا بە کاتی سیمفۆنی جگە لەوەی کە توانای پیانۆی بە شێوە و شێوازێکی فراوانتر هێناوە پێشەوە و ئاستی گرنگی بڵندکردنەوە لە نێو ئامێرە مۆسیقاییەکانی تردا. ئەو کارە مەزنانەی دادەنرێت بە پەیوەستێک لە نێوان مۆسیقای کلاسیکی و ڕۆمانسیدا، هەروەها بووەتە سەرچاوەی خورپەی زۆر لە بلیمەتە ڕۆمانسییەکان.

ئەو مۆسیقازانە مەزنە لە ساڵی ١٨٢٧ز دا لە شاری ڤیەننا دوا سەری ژیانی نایە ژێر خاک پاش ئەوەی تەمەنێکی ٥٧ ساڵەی بە تاڵی و بێ کەسی بردە سەر.


سەرچاوەکان



1892 بینین